
ڕێباز ڕەحیم یاریزانی یانەی دهۆک لە ماوەی ڕابردوو ئاستی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە و لە داهاتووشدا ڕاهێنەرەکەی خولی عێڕاق گرینگی پێدەدات.
لە مانگی ڕابردوو لە کۆی 5 یاری لە خولی نایابی کوردستان ڕێباز ڕەحیم یاریزانی گەرمیانی و یانەی دهۆک بە شداری پێنج گۆڵی تیپەکەی کردووە بە چوار ئەسیست و تۆمار کردنی گۆڵێک، ڕێباز نهێنی ئاستبەرزی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ئارامگرتن و گرینگی دان بەتواناکانم منی گەیاندە ئەو ئاستەی ئێستا پێیدا تێپەڕ دەبم، ڕاهێنەری پێشووی یانەی دهۆکی خولی عێڕاقی یاری پێنەدەکردم، بەڵام ئەحمەد خەلەف ڕاهێنەری ئێستا زۆر گرینگی بەمن دەدات و بە دەستەی کارگێڕی یانەکەشی ڕاگەیاندووە کەوا لە داهاتوو هەلم پێدەدات، بەڵام وەک ئامادەکاریەک بۆ تیپەکەی خولی عێڕاق گوتی جارێ بۆ تیپی خولی کوردستان یاری بکە بۆ ئەوەی لە ڕووی توانای جەستەیی یەوە تەواو ئامادەبیت، لە سەرجەم یاریەکانمان ئامادە دەبێت و زۆر ڕێنماییم دەکات بۆیە دڵنیام لە داهاتوو هەلی یاری کردن لە تیپی خولی عێڕاق وەردەگرم.
بەرگریکارەکەی یانەی دهۆک زیاتر دەڵێت : ئەحمەد خەڵەف زۆر ڕێنماییم دەکات و بەردەوام پشتگیری من دەکات، بڕیاریداوە لە دوو یاری داهاتوو هەلم پێبدات بەرامبەر یانەی کارەبا و یانەی هەولێر، دەبوو لە یاری مینا یاری بکەم بەڵام بەهۆی نزیکی لەگەڵ یاریەکەی چوارقوڕنە نەیتوانی ئەو دەرفەتەم پێبدات، بەشێکی تر کە هۆکارێکی سەرەکی ئاستەکەی من خێزانەکەمن کە هەمووکات پاڵپشتم و پێیان وایە من دەبێ ئاوا ئارامگر بم بۆ ئەوەی زۆرترین سود وەربگرم لەم وەرزەی کە لەگەڵ یانەی دهۆک یاری دەکەم.
ڕێباز لە سەر بارودۆخی تایبەتی خۆی لە شاری دهۆک گوتی: لێرە زۆر ئاسودەم و هاندەران زۆر پاڵپشتی من دەکەن تا ئێستا وام هەست نەکردووە من لە شارێکی ترەوە هاتبم بۆ دهۆک ئەوان هەموو کات پێیان وابووە من شایستەی یاری کردن و هەل پێدانم لە تیپەکەی خولی عێڕاق.
ڕێباز ڕەحیم پێشووتر بۆ یانەکانی شێروانە و پێشمەرگەی سلێمانی و هەولێری تیپی خولی عێڕاق و ئێستاش لەگەڵ یانەی دهۆک لە هەر دوو تیپی کوردستان و عێڕاق بەشدارە.