
ئەمڕۆ لە قۆناخی دووەمی گەڕی دووەمی جامی هەرێمی کوردستان، یانەی ئاکرێ لە یانەی هەولێری بردەوە و گەیشتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتیەکە.
گێمی یەکەم بە یەکسان بوونی گۆڵێک یاریەکە کۆتایی هات، لەگەڵ دەسپێکی گێمی دووەم دوای باران بارینێکی زۆر یاریگای ئاکرێ بوە قوڕ و لیتە، ئەمەش ناڕەزایەتی یانەی هەولێری لێکەوتەوە و داوایان دەکرد یاریەکە نەکرێت و دوابخرێت بۆ کاتێکی تربەڵام سەرپەرشتیاری یاری و ناوبژیوان بەردەوامیاندا بە یاریەکە و ئاکرێش بە ئەنجامی 2 _1 گۆڵ یاریەکەی بردەوە.
دوای یاریەکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا گرینگترینیان بە یاننامەکەی یانەی هەولێرە کەمێک پێش ئێستا بڵاویان کردۆتەوە کە تیایدا شکستی ئەمڕۆیان دەخەنە ئەستۆی سەرپەرشتیاری یاری و یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەڵێن نەدەبوو یاریەکە ئەنجامدرابا، بەیاننامەکەی یانەی هەولێر وەک خۆی
لە یاری ئەمڕۆمان بەرامبەر یانەی ئاکرێ لە قۆناغی هەشتی جامی هەرێمی کوردستان کە یارییەکە لە یاریگای ئاکرێ بەڕێوەچوو، هەموو لایەك ئەوە دەزانن کە یارییەکە لە رەوشی نالەباری کەشوهەوا بەڕێوەچوو، وە یاریگاکە بە هیچ جۆرێك شیاو نەبوو بۆ یاری کردن بە تایبەتی بۆ ئەنجامدانی یارییەکی فەرمی تیایدا کە یارییەکانی جامی هەرێمی کوردستانە. ئێمە لە یانەی وەرزشی هەولێر سەرپەرشتیاری یاریمان ئاگادار کردەوە کە یاریگاکە گونجاو نیە و دەکرێ یارییەکە دوابخرێ بە تایبەتی دوای کۆتایی گێمی یەکەمی یارییەکە، کاتێ سەرپەرشتیاری یاری لە وەڵامی ئێمەدا پێی ڕاگەیاندین کە (دوای پێنج خولەك لە دەستپێکردنەوەی گێمی دووەم تاوەکو لە پەخشی راستەوخۆ هەموو لایەك نەگونجاوی یاریگاکە ببینن، یارییەکە کۆتایی پێ دەهێنێت و دوای دەخات بۆ کاتێکی دیکە)، بەڵام سەرپەرشتیاری یاری بەڵێنەکەی خۆی نەبردەسەر و یارییەکەی رانەگرت و بەردەوامیدا بە یاریکردن سەرەڕای نالەباری کەشوهەوا و کۆبوونەوەی رێژەیەکی زۆری ئاو لە ناو یاریگا و قورسی لە گواستنەوەی تۆپ و جووڵەی یاریزانان و جێبەجێ کردنی لایەنی هونەری و تەکتیکی، ئەمەش وایکرد کە بە خراپی بۆ ئێمە بشکێتەوە و چوار یاریزانی یانەکەمان تووشی پێکانی قوڕس ببن لە هەمان کاتدا یانەکەمان بەم هۆیەوە تووشی دۆڕان هات و ماڵئاوایی لە رکابەری بەدەستهێنانی جامەکە بکات، وە پێکانی یاریزانەکانیشمان کاریگەری دەبێت بۆ یارییەکانی داهاتووی یانەکەمان لە خولی نایابی کوردستان بە تایبەتی بۆ یاری رۆژی شەممەی داهاتوو بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ کە نەتوانین بچین بۆ شاری سلێمانی و یارییەکەمان بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ ئەنجام بدەین بە هۆی زۆری ژمارەی پێکانەکان لە ریزی تیپەکەمان. لێرەوە بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین، کە کرانە دەرەوەمان لە قۆناغی هەشتەمی جامی هەرێمی کوردستان دەخەینە ئەستۆی سەرپەرشتیاری یارییەکە و یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، بەو پێیەی کەمتەرخەم بوون لە بەڕێوەبردنی یارییەکە و رەچاوکردنی بەرژەوەندی سەرجەم یانەکان بە بێ جیاوازی لە لایەك، لە لایەکی دیکەوە پاراستنی سەلامەتی گیانی یاریزانان، هەروەها یانەکەمانی بێبەش کرد لە بەدەستهێنانی جامی کوردستانی ئەم وەرزە کە دەمێک بوو پلانی ئەوەمان داڕشتبوو تاوەکو یەکێك لە پاڵەوانیەتیەکانی ئەمساڵی خولەکانی کوردستان بەدەست بهێنین.
یانەی وەرزشی هەولێر
2024/2/20