
لیژنەی کار و باری یاریزانان و ڕاهێنەران لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق داوای ئامادەبوونی نوێنەری یانەی هەولێر دەکات.
ئەمڕۆ دوو شەممە 19\2\2024 لیژنەی کار و باری یاریزانان و ڕاهێنەران لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق لە سەر سکاڵای عەباس عوبێدی ڕاهێنەری پێشووی یانەی هەولێر داوا لە نوێنەری یانەکە دەکات ڕۆژی پێنج شەممە 22\2\2024 لە بارەگای یەکێتیەکە ئامادەبێت، دوای دەستلەکار کێشانەوەی ڕاهێنەر عەباس عوبێد ڕاستەوخۆ ڕاهێنەری ناوبراو پەنای بردە بەرسکاڵا تۆمارکردن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم شایستە داراییەکانی کە لای یانەی هەولێر ماون و بۆ دووەم جارە نوێنەری یانەکەی پایتەختی کوردستان لە سەر ئەم بابەتە بانگهێشت دەکرێن.
سکاڵای عەباس عوبێد لە کاتێکدایە یانەی هەولێر سکاڵای یاریزانی پێشووی یانەکە لوئەی سەڵاحی دۆڕاندووە و دەبێت پابەندبێت بە پێدانی سەرجەم شایستە داراییەکانی ئەو یاریزانە و ڕاهێنەرانەی کە مافیان لای یانەی هەولێرە، بە پێچەوانەوە تووشی سزای قوڕس دەبن لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.