Article
عێراقکوردستان

یاریزانە کوردەکانی یانەی گەرمە باسی دۆخی خۆیان و ئامانجی تیپەکەیان دەکەن

test

یانەی گەرمەی سەربە پارێزگای ئەنبار کە بەشدارە لە خولی نایابی عێڕاق، بۆ ئەم وەرزە چەندین گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی بە توانا واژۆ کردووە.

کۆسرەت بایز یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر و کاپتنی ئێستای یانەی گەرمە کە لە سەرەتای ئەم وەرزەوە گرێبەستی لەگەڵ یانەکە واژۆ کردووە، تایبەت بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا دەربارەی دۆخی  تیپەکەی گوتی:

یانەی گەرمە گرێبەستی باشی ئەنجامداوە بۆ ئەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە بۆ وەرزی داهاتوو بگاتە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، پەیوەندی کردنی من بەو یانەیە هۆکارەکەی پلانی یانەکە بوو کە زانیم پلانیان باشە و ئامانجیان گەورەیە بڕیارمدا یاریان بۆ بکەم، ئێستا تیپەکە بە بارودۆخێکی باشدا تێپەڕ دەبێت، بەجیاوازی گۆڵ لە پلەی دووەمین و توانیشمان بگەینە قۆناغی شازدەی جامی عێڕاق کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرینگە بۆ یانەکە

کۆسرەت سەبارەت بە مامەڵەی کارگێڕی یانەکە و دۆخی خۆیان زیاتر گوتی:

یانەکە پیشەگەرانە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم یاریزانەکان و تایبەت یاریزانە کوردەکان دەکات کە ئەویش بە هۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی شاری فەلوجە لە پێشووتر کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان و تایبەت شاری هەولێر کردووە خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ ئەوان کردۆتوە بۆیە مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ ئێمە دەکەن، سەرجەم یاریزانە کوردەکان لێرە هەست بە ئاسوودەیی تەواو دەکەین، هیوادارم بتوانین ئامانجی ئەوان بەدی بهێنین.

ڕێباز عەبدوڵا گۆڵپارێزی پێشووی یانەی هەولێر کە لە گواستنەوەی زستانە پەیوەندی بە یانەکە کردووە تایبەت بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا ڕایگەیاند:

لێرە هەست بە هیچ دووریەک ناکەین، ئامانجی ئەو یانەیە بەندە بە هەوڵەکانی ئێمە و بەدڵنیاییەوە کەمتەرخەمی ناکەین، مامەڵەی ڕاهێنەرەکان و دەستەی کارگێڕی زۆر باشە لەگەڵمان، پەشیمان نیم و زۆر دڵخۆشم لێرە هەموان بەدوای سەرخستنی تیپەکەمانەوەین کە سەرکەوتنیەتی بۆ ڕیزی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە وەرزی داهاتوو.

گۆران عیماد یاریزانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر کە بۆ دووەم وەرزە پەیوەندی بە یانەی گەڕمەوە کردووە بەمشێوەیە باسی یانەکەی دەکات :

دوای ئەوەی وەرزی یەکەم تیپەکەمان سەرخست بۆ ڕیزی نایابی عێڕاق، سەرۆکی یانەی گەڕمە پەیوەندی پێوە کردم بۆ ئەوەی ئەم وەرزەش لەگەڵیان بەردەوام بم و منیش قبوڵم کرد، سوپاسی یانەی پێشمەرگەی هەولێر و ڕاهێنەر سەمیر بابۆ دەکەم کە ڕێگر نەبوون لە ڕۆیشتنم لە یانەکە و ئێستاش بە گوێرەی دەرفەت من دەگەڕێمەوە یاری بۆ یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەکەم، مامەڵەی کارگێڕی یانەی گەڕمە لەوپەڕی باشیدایە و زۆر ئاسودەم هیوادارم تیپەکە لە ڕیزی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ببینم لە وەرزی داهاتوو.

گۆران دەربارەی جیاوازی خولەکانی عێڕاق و خولەکانی کوردستان گوتی:

جیاوازی خولەکانی عێڕاق لەگەڵ کوردستان زۆرە، پارساڵ لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر هەر سێ نازناومان بە دەستهێنا بەڵام هیچ شایستە داراییەکمان وەرنەگرت، یاریزانی کورد دەتوانێ کێبڕکێی یاریزانی دەرەوەی هەرێم بکەن بەڵام دەبێ دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ کە ئەمەش بە پاڵپشتی بەردەوام و یاریگای باش دەکرێت، هیوادارم ئیتر بیر لە دروستکردنی ژێرخانێکی باشی وەرزش بکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان.

یانەی گەڕمە بە ڕاهێنەرایەتی حەیدەر مەحمودی یاریزانی نێودەڵەتی پێشوو لە پلەی دووەمی کۆمەڵەی یەکەم دێت بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کە 12 خاڵیان هەیە.

بابەتی زیاتر

//
Back to top button