
لە گەڕی هەژدەمی خولی نایابی کوردستان یانەی دهۆک لە پیرمام بووە میوانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر و یاریەکەشی بە ئەنجامی 4 _0 دۆڕاند.
وێڕای شکستی یانەی دهۆک لە یاریەکەدا ئەمڕۆ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان سزای یانەکەیدا بەهۆی ئەوەی لە کاتی یاریەکەدا هاندەرانی یانەی دهۆک بە لێدانی جەستەیی هێرشیان کردۆتە سەر یاریدەدەری ناوبژیوان کە بەم هۆیەشەوە ناوبژیوان یاریەکەی پێ تەواو نەکرا، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا یانەی دهۆک یاری داهاتووی بەبێ هاندەر ئەنجامبدات و بەبڕی یەک ملیۆن دیناریش سزایدا، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە کۆبوونەوەی خۆیدا کە بەشێوەی ئۆنڵاین بەڕێوە چوو، بڕیاریدا کارتی سوری یاریزانی یانەی هەولێر ( کارزان سابیر ) بسڕێتەوە کە لە یاری نێوان یانەی دەربەندیخان و یانەی هەولێر لەلایەن ناوبژیوانەوە بەڕوویدا بەرز کرا بۆوە.
سەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەمڕۆی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان.
1_ بۆ ئەو فێرگانەی ئارازووی بەشداریکردنیان هەیە لە پاڵەوانیەتی پێلیستانک 2024 بۆ فێرگەکانی کچان ژێر 18 ساڵان ڕۆژی دوو شەممەی داهاتوو 12 \ 2 \ 2024 کاتژمێر 1ـی نیوەڕۆ لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئامادە بن.
2_ سوپاس پێزانین بۆ یانەی شەقڵاوە بەدابینکردنی یاریگا و تەواوی پێداویستیەکان بۆ بەڕێوەچوونی یاری نێوان یانەی سۆران و یانەی سەیدسادق لەگەڕی هەژدەمی خولی نایابی کوردستان .
3_ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی پێشمەرگەی هەولێر و یانە دهۆک لە گەڕی هەژدەمی خولی نایابی کوردستان :
آ_ بە هۆی هێرشکردن بۆ سەر ناوبژیوان بە لێدانی جەستەیی لەلایەن هاندەرانی یانەی دهۆک، بڕیاردرا یاری داهاتووی یانەی دهۆک بەبێ ئامادەبوونی هاندەر بەڕێوە بچێت.
ب_ پێبژاردنی یانەی دهۆک بەبڕی 1000000 یەک ملیۆن دینار.
ج_ ئاگاداری کۆتایی بۆ یانەی دهۆک بە کۆنتڕۆڵکردنی هاندەرانی، بە پێچەوانەوە یارییەکانیان دەگوازرێتەوە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەبێ گەڕانەوە بۆیان .
د_ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی یاریزانی یانەی دهۆک ( هەرێم تەحسین ) دەکات کە لە ئەرکێکی جواندا لە پاراستنی ناوبژیوان ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو.
4_ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی دەربەندیخان و یانەی هەولێر لە گەڕی هەژدەمی خولی نایابی کوردستان :
آ_ لە سەر ڕاپۆرتی سەرپەرشتیاری یاری و بە دواداچوون و سەیرکردنەوەی کارتی سووری یاریزانی یانەی هەولێر ( کارزان سابیر ) ژمارە ( 7) لەلایەن لیژنەی ڤیدیۆیی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، بڕیاردرا بە سڕینەوەی کارتە سورەکە، یاریزانی ناوبراو لە گەڕی داهاتوو دەتوانێت یاری بکات.
ب_ دوور خستنەوەی هەڵگری ( نەقالە)ـی یانەی دەربەندیخان و ئامادەنەبوونی لە نێو یاریگا لە سەرجەم خولەکان تا کۆتایی وەرز.
ج_ ئاگادار کردنەوەی یانەی دەربەندیخان بە دوور خستنەوەی ئەم جۆرە کەسانە کە گرفت بۆ یانەکە دروست دەکەن.
5_ لە سەر یانەکانی بەشدار بوو لە خولەکانی کوردستان پێویستە ئەم خاڵانەی خوارە جێبەجێ بکەن، بە پێچەوانەوە تووشی سزا دەبن.
آ_ ئامادەکردن و دابینکردنی هەڵگری ( نەقالە)ـی شایستە لە نێو یاریگا لە کاتی یارییەکانیاندا.
ب_ هەڵگری ( نەقالە ) پێویستە تەمەنیان لە 16 ساڵ کەمتر نەبێت و پێویستە جل و بەرگی وەرزشی بپۆشن.
ج_ دابینکردنی منداڵانی تۆپ هێنەرەوە کە پێویستە ڕێژەکەیان 6 بۆ 8 منداڵ بێت.
د_ تەمەنی منداڵانی تۆپ هێنەرەوە پێویستە لە نێوان 9 بۆ 12 ساڵ بێت.