
هەژار سابر ڕاهێنەری یانەی ئاکرێ بەڵێن بە هاندەرانی یانەکە دەدات ئەوەی لە توانایان بێت پێشکەشی دەکەن و هەوڵدەدەن ئەم وەرزە ناسناوی خولی نایابی کوردستان بە دەستبهێنن.
دوای تێپەڕبوونی حەڤدە گەڕ بە سەر خولی نایابی کوردستان، یانەی ئاکرێ لە ڕیزبەندی دووەمی خولەکەیە بە 28 خاڵ و تەنها سێ خاڵ لە یانەی شێروانەی پلەی یەکەمەوە دوورە، هەژار سەبارەت بە دۆخی یانەکەی و ئامانجی تیپەکە بۆ ئەم وەرزە تایبەت بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا گوتی ؛ یارییەکانی ئەم دواییە ئەنجاممان وەک پێویست نەبوو، ئاستێکی باش پێشکەش دەکەین تەنها یاریزانانی هێلی پێشەوە لە گۆڵ تۆمار کردن سەرکەوتوو نابن، دەستەی کارگێڕی یانەکە هیچ مەرجێکیان بۆ من دانەناوە هەموو کات پاڵپشتی تەواوی من و تیپەکەیان کردووە، بە هەوڵی یاریزانان و بەڕێوەبەرانی یانەکە کار دەکەین بۆ گەڕانەوەی ئەنجامە باشەکانی یانەکە، ناتوانم بڵێم کام یانە دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان چونکە زۆربەی یانەکان لە ڕووی خاڵەوە لە یەکتر نزیکن.
هەژار تایبەت بۆ هاندەرانی یانەکەی زیاتر گوتی؛ هاندەرانی یانەی ئاکرێ ژمارە یەکن لە کوردستان و بەمن وەسف ناکرێن، هەوڵی تەواومان بۆ ئەوەیە ئەمساڵ بەناسناوی خولی نایابی کوردستانیان شاد بکەین چونکە شایستەی ئەوەن ئەم وەرزە دڵخۆشیان بکەین، سوپاس بۆ هاندەران و جەماوەری ئاکرێ کە هەموو کات پاڵپشتی ئێمە بوون.
ڕاهێنەرە لاوەکەی ئاکرێ لە گەڕی هەشتەمەوە دوای دەستلەکار کێشانەوەی یونس سلێمانی ڕاهێنەر وەک ڕاهێنەری یانەکە ئەرکەکەی وەرگرتوو توانی پێنج سەرکەوتن لە سەر یەک بە دەستبهێنێت، لە گەڕی هەژدەمی خولەکەش یانەی ئاکرێ لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە یاریەکی بەهێزدا ڕووبەڕووی یانەی ڕانیە دەبێتەوە.