
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە سەر دۆخی ئەم دواییەی ناوبژیوانەکانی هاتە دەنگ و ئاگاداریەکی توند ئاڕاستەی سەرجەم یانە بەشدار بووەکانی خولەکانی کوردستان دەکات .
بەهۆی ئەو ڕەخنە و گلەییانەی بەم دواییە لەلایەن بەشێک لە یانەکان و هاندارانی یانەکان لە ناوبژیوانەکانی کوردستان کە گوایە بڕیاری نادادپەروەر دەدەن و لە بەرژەوەندی چەند یانەیەک فیکە لێدەدەن، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان هاتە دەنگ و دەڵێن چیتر قبوڵمان نیە قسە بەناوبژیوانەکانمان بوترێت و هەر یانەیەک یاخود هەر کەس و لایەنێک هەر شتێکی بەبەڵگە هەیە بۆمان بنێرێت و ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین و ئەنجامەکەشی ڕادەگەیەنین، تەواوی بە یاننامەکەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەربارەی بەرگریکردن لە ناوبژیوانەکانی دەڵێت ؛
بۆ سەرجەم یانەکانی بەشدار بوو لە خولەکانی کوردستان
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان سوپاسی هەموو یانەکان دەکات بە سەرجەم پلە کانەوە تایبەت ئەو یانانەی کەوا هاوکاری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و نمونەیەکی جوانی وەرزشن لەم هەرێمەدا، سوپاسی زۆرمان بۆ برا ناوبژیوانەکانمان وێڕای وەرنەگرتنی تەواوی شایسته دارایەکانیان بەو پەڕی دڵسۆزیەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، بەڵام لەم گەڕانەی دوایی لە خولەکانی ( نایاب ، پلە یەک ) هێرشی توند دەکرێتە سەر ناوبژیوانانی خۆشەویست و هەندێ کات هێرشەکانیش به ناڕەوا دەزانین کە لە سەر هەڵەیەکی بچوک ئازار دەدرێن یاخود وتەی ناشیرین بەرامبەریان بەکار دەهێنرێت، لێرەوە ڕایدەگەیەنین هەر یانەیەک یاخود هەر کەس و لایەنێک کە کاربەدەست بێت لە ناو یانەکان یان ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەکان بێت یاخود ( ڕاهێنەر ، یاریزان ) بۆیان نیە هێرش بکەنە سەر ناوبژیوان جا چ هێرشی جەستەیی بێت یاخود وتەی ناشیرن یان بڵاوکردنەوەی ناڕەزایەتی لە ئەکاونت و پەیجی تایبەت بە یانەکان یان نوسینی هەر کۆمێنتێک کە دوور بێت لە گیانی وەرزشی ئەوە توشی سزای قورس دەبێت، وە هەر یانەیەک ئەگەر هەر بەڵگەیەکی بەردەستی لابێت( ڤیدیۆیی ، دەنگی ، نوسراو ) لە سەر ناوبژیوانەکانی ئێمە ئەوا دەتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی بیگەیەنێتە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ ئەوەی ئێمەش ڕێگای یاسایی بەرامبەریان بگرینەبەر لە ڕێگای لیژنە تایبەتەکانی یەکێتیەکەمان، لە ئەگەری هەر هەڵەیەکیش کە لە یارییەکان ڕووبدات بە هەمان شێوە ئێمە لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لیژنەی ڤیدیۆییمان هەیە و بڕیار لە سەر ڕووداوەکان دەدات، بۆ لەمەودواش وەڵامی پەیوەندی تەلەفۆنی هیچ یانەیەک و هیچ کەسێک نادرێتەوە هەرچی ڕەخنە و تێبینیەکتان هەیە بۆ ئیمێڵی یەکێتی تۆپی پێی بنێرن بە زووترین کات کاری لە سەر دەکرێت و وەڵامتان دەدرێتەوە .