Article
کوردستان

ئەمڕۆ گەڕی دەیەمی خولی پلە یەکی کوردستان دەستپێدەکات

test

ئەمڕۆ پێنج شەممە 1\2\2024 گەڕی دەیەمی خولی پلە یەکی کوردستان دەسەپێدەکات و یاری لووتکەی ئەم گەڕەش لە نێوان هەر دوو یانەی قەڵادزێ و کۆیە دەبێت لە یاریگای سۆران.

لە دەسپێکی یارییەکانی ئەمڕی خولی پلە یەکی کوردستان، یانەی بازیان لە نێو یاریگای خۆی میوانداری یانەی خاکی شاری کەرکوک دەکات، بازیانلە پلەی چواردەمە بە  5 خاڵ و دەیەوێت خۆیان لە ناوچەی دابەزین ڕزگار بکەن، یانەی خاکیش بە هاتنی یاریزان فەرحان شکور ئەنجامەکانی بەرەو پێش چووە و بە 11 خاڵ لە پڵەی هەشتەم دێت، یانەی چەمچەماڵی ڕیزبەندی پازدەم  5 خاڵی هەیە بە ڕاهێنەرایەتی هەرێم کەلاری میوانداری یانەی هەڵۆ دەکات کە ئەوانیش لە ڕیزبەندی نۆیەمن بە 11 خاڵ، یانەی هەڵەبجەی شەهید کە لە دواهەمینی ڕیزبەندی دێت و تەنیا 2 خاڵی هەیە لە یاریگای خۆیان ڕووبەڕووی یانەی خانەقین دەبنەوە کە ئەوانیش بە 5 خاڵ لە ڕیزبەندی سێزدەم دێن، لە دوا یاری ئەمڕۆ یانەی ڕەواندز لە بەردەم هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی بابانی شاری سلێمانی یاری دەکات، ڕەواندز 9 خاڵی هەیە لە پلەی یازدەمە و بابانیش بە 10 خاڵ لە پلەی دەیەم دێت.

لە بەهێزترین یاری ئەم گەڕەدا سبەی هەینی 2\2\2024 لە یاریگای سۆران بە ناوبژیوانیەتی هەڵمەت حەیدەر هەر دوو یانەی قەڵادزێ و کۆیە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، قەڵادزێ بەهۆی سزادانی لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە ئەم یاریە لە سۆران دەکات بەبێ ئامادەبوونی هاندەران، یانەی کۆیە 22خاڵی هەیە لە پلەی دووەمی ڕیزبەندیە و قەڵادزێش بە 18 خاڵ لە ڕیزبەندی پێنجەمی خولەکە دێت، تاڕادەیەکی زۆر ئەم یاریە کێبڕکێی یانەی قەڵادزێ بۆ گەیشتن بە ڕیزی نایاب لە وەرزی داهاتوو یەکلایی دەکاتەوە.

هەر سبەی هەینی یانەی پیشەسازی خاوەن 21 خاڵ کە لە پلەی سێیەمە، لە شاری کەرکوک دەبێتە میوانی یانەی شۆڕجە کە بە 15 خاڵ ڕیزبەندی شەشەمی خولەکەیان گرتووە، بەپێی چەند زانیاریەک کە دەستی تۆڕی وەرزشی یاریگا کەوتووە یاریزان موئەید عەبدولباست یاریزانی پێشووی یانەکانی دهۆک و زەوڕا و هەولێر و نەفتی بەسڕا یاری بۆ یانەی شۆڕجە دەکات.

لە یاریەکی دیکەی بەهێزدا یانەی ڕزگاری خاوەن پلەی یەکەمی ڕیزبەندی بە 22 خاڵ لە گەرمیان ڕووبەڕووی یانەی سێمێلی شاری دهۆک دەبێتەوە کە 19 خاڵیان هەیە و لە ڕیزبەندی چوارەمی خولەکەدێن، لە دوا یاڕیشدا یانەی سلێمانی لە یاریگای زانکۆ لە میوانداری یانەی تەناهی شاری دهۆک  دەکات، سلێمانی بەهۆی ئەنجامی چەند یاریەکی ڕابردووی هیوای گەیشتن بە نایابی لاواز بووە و بە 14 خاڵ له پلەی حەفتەمی خولەکە دەبینرێن، یانەی تەناهی 9 خاڵی هەیە و لە پلەی نۆیەمی خولی پلەیەکی کوردستان دەبینرێن.

لە خولی پلە یەکی کوردستان تەنها دوو یانە ڕاستەوخۆ سەردەکەون بۆ ڕیزی نایاب و خاوەن پلەی سێیەمیش یاری یەکلاکەرەوە لەگەڵ خاوەن پلەی چواردەمی خولی نایاب دەکات و یەکێکیان لە ڕیزی نایاب دەبێت بۆ وەرزی داهاتوو، سەرجەم یارییەکانیش کاتژمێر 2:30 دوای نیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت.

بابەتی زیاتر

//
Back to top button