
یاریگا –
هەموو شتێک یەکلابووەتەوە جامی کۆنیفا هاوینی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، سکرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دەڵێت ‘دەتوانین بەهۆی جامی کۆنیفا داهاتێکی زۆر کۆ بکەینەوە، نەک هەر تەنیا خەرجی بکەین’.
سیروان نەجمەدین، سکرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە دیمانەیەکی تایبەتی لەگەڵ تۆڕی وەرزشی یاریگا کە ئەمشەو کاتژمێر 09:00 بڵاو دەبێتەوە، لەبارەی جامی کۆنیفاوە دەڵێت :’هەموو شتێک یەکلابووەتەوە مانگی حەفت جامی کۆنیفا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، مانگی داهاتوو سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بۆ دوایین پێشهات و ئامادەکارییەکانی جامی کۆنیفا دەچێتە هەنگاریا، لێژنەیەکی تایبەتیش لە کۆنیفا مانگی سێ دێنە هەرێمی کوردستان’.
هەروەها سیروان نەجمەدین دەڵێت :’حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جامی کۆنیفا %100 پاڵپشتیمان دەکات، ئەگەر دیراسەتێکی باشی کۆنیفا بکەین، پێویستمان بەوە نابێت هیچ پارەیەک خەرج بکەین، بەڵکو دەتوانین داهاتیش بەدەست بهێنین’.
لەبارەی دەستنیشانکردنی راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان، سیروان نەجمەدین دەڵێت :’شەش راهێنەری کوردمان دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی یەکێکیان بۆ راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی کوردستان هەڵبژێرین، کە چەند راهێنەرێکیان لە دەرەوەی کوردستانن، لە داهاتووێکی نزیکدا راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان هەڵدەبژێرین، جگە لە یاریزانانی خولەکانی کوردستان و عێراق، یاریزانانی ئەوروپاش بۆ هەڵبژاردەی کوردستان بانگهێشت دەکرێن، چونکە ئەوانیش مافی خۆیانە و هەڵبژاردەی کوردستان هی هەمووانە’.
سیروان نەجمەدین لەبارەی جێبەجێکردنی سیستەمی ڤار لە خولی کوردستان لە وەرزی داهاتوو، دەڵێت :’جێبەجێکردنی سیستەمی ڤار زۆری تێدەچێت، ناتوانین بیهێنینە کوردستان، دەبێت یانەکان دابینی بکەن، دەکرێت سوود لە کامێرای چاودێری وەربگرین، وەرزی داهاتوو مافی پەخشی یارییەکانی خولی کوردستان دەدەینە کۆمپانیایەک، کەناڵەکان دەتوانن لەگەڵ کۆمپانیایەکە رێکبکەون، بەشێک لە داهاتی مافی پەخشی یارییەکانی خولەکە بەسەر یانەکان دابەش دەکەین’.