
یاریگا –
ئێمریک لاپۆرتی دوای ئەوەی رەخنەی توندی لە خولی سعوودی گرت، لە لایڤێکی ئینستاگرامیدا دەڵێت ‘من قسەی وام نەکردووە و لەکاتی وەرگێڕانی قسەکانم هەڵەیەک روویداوە’.
ئێمریک لاپۆرتی بەرگریکاری ئیسپانی یانەی نەسڕی سعوودی لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بە نەرێنی باسی سعوودییەکانی کردبوو، گوتبووی :’تەنیا بۆ پارە چوومە نەسڕ، خۆزگە لەگەڵ گواردیۆلا دەمامەوە، سعوودییەکان پابەندی بەڵێنەکانیان نین و خواستەکانمان بەچاوێکی کەم سەیردەکەن، لە رووی کوالیتی ژیانیشەوە چاوەڕوانی شتێکی جیاوازترم دەکرد، رۆژی وا هەیە سێ کاتژمێر لە جەنجاڵی شەقامەکان گیر دەخۆین، لە ریاز کاتێکی زۆرمان بەفیرۆ دەچێت’.
ئێرە لەگەڵ ئەوروپا زۆر جیاوازە، سعوودییەکان زۆر بە سووکی لە هەموو شتێک دەڕوانن، لە ئەوروپا مووچەیەکی باشت پێدەدەن، بەڵام بەردەوام ئاگادارت دەکەنەوە و یاساکان توند و تۆڵن، هیچ ئاسانکارییەکیان بۆ نەکردووین، جیا لە من زۆربەی یاریزانەکانی دیکەش ناڕازین، تا ئێستا بیرم لەوە نەکردووەتەوە خولەکە جێبهێڵم، بەڵام ئەگەر دۆخەکە هەر بەمشێوەیە بێت، سعودیە جێدەهێڵم.
لاپۆرتی هەر زوو دوای بڵاوبوونەوەی دیمانەکەی، قسەکانی بە ساختە وەسفکرد و گوتی :’ئەو چاوپێکەوتنەی بە زمانی ئیسپانی کردبووم، راستە ئەوەی گووتومە رەنگە ئاوێنەی شێوازی بیرکردنەوەم نەبێت، لە کاتێکدا کە زۆر بیرم دەکردەوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت، پێم وایە وەگێڕانی چاوپێکەوتنەکە باش نەبوو، برایان تەنیا دەمەوێت پێتان بڵێم، زۆر لە سعودیە دڵخۆشم، خەڵک لێرە زۆر سەرسووڕهێنەر بوون، با راستگۆ بم لەگەڵتان، پێشبینی ئەوەم لێرە نەدەکرد، تەنیا ئارام بن لەوەی گوێتان لێدەبێت، دەیبینن و دەیخوێننەوە’.
لاپۆرتی هاوینی رابردوو لە مانچێستەر سیتییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی نەسڕ کرد و بە 27 ملیۆن یۆرۆ بووە گرانبەهاترین بەرگریکاری خولی سعوودی.