
ئەمڕۆ هەینی 19 \ 1 \ 2024 سێ یاری لە کۆتا گەڕی هەشتەمی خولی پلە یەکی کوردستان بەڕێوە چوو، سودمەندی یەکەمیش یانەی ڕزگاری بوو کەتوانی پێشەنگی خولەکە وەربگرێت.
لە ئیدارەی گەرمیان و لە یاری لوتکەی گەڕی هەشتەمی خولی پلەیەکی کوردستان، یانەی ڕزگاری میوانداری یانەی کۆیەی خاوەن پلەی یەکەمی کرد، ڕزگاری توانی یاریەکە بە دوو گۆڵی یاریزانان ( هەردی محەمەد ) و ( لەشکر عادل ) بباتەوە و بە 19 خاڵ پلەی یەکەمی ڕیزبەندی لە یانەی کۆیە وەرگرتەوە کە بە هەمان خاڵ لە پلەی دووەم دێت، یانەی پیشەسازی لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گرینگی بە دەستهێنا و بە ئەنجامی 2 _ 0 لە یانەی ڕەواندزی بردەوە، پیشەسازی کۆی خاڵەکانی گەیاندە 18 خاڵ و هاوتایە لەگەڵ یانەی قەڵادزێ کە لە پلەی سێیەم دێت بەجیاوازی گۆڵ و هەر دوو یانەش تەنیا یەک خاڵ لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندیەکەوە دوورن، هەر چوار یانەکەی ڕیزبەندی پێشەوە کێبڕکێی بەهێز دەکەن لە سەر وەرگرتنی پلەی یەکەم یاخود دووەم بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بگە ڕیزی نایابی کوردستان، ئەنجامی سەرجەم یارییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی پلە یەک؛
ڕزگاری 2 × کۆیە 0
ڕەواندز 0 × پیشەسازی 2
تەناهی 0 × سێمێل 2
چەمچەماڵ 2 × شۆڕجە 2
خاک 5 × هەڵۆ 1
سلێمانی 1 × بابان 2
هەڵەبجەی شەهید 0 × قەڵادزێ 3