
یانەی نۆتینگهام فۆرێستی ئینگلیزی دەیەوێت یاریگاکەی فراون بکات و بە سوودوەرگرتن لە بیرۆکەی یاریگا بەناوبانگەکەی مۆندیالی قەتەر، ژمارەی کورسییەکانی یاریگاکەی زیاتر بکات.
ماڵپەڕی زە ئەتلەتیکی بەناوبانگ ئاشکرایکردووە، یانەی نۆتینگهام فۆرێستی ئینگلیزی کە لە پرێمەرلیگ یاریی دەکات، دەیەوێت ژمارەی کورسییەکانی یاریگای سیتی گراوند زیاد بکات، کە ئێستا یاریگاکە شوێنی 30 هەزار هاندەر دەگرێت، تۆم کارتلێدج سەرۆکی یانەکە دەیەوێت سوود لە بیرۆکەی یاریگای 974 وەربگرێت، لە رێگای چەند کۆنتێنەرێکەوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی کورسییەکانی یاریگاکەیان بگەیەنێتە 35 هەزار کورسی، بۆ ئەوەی بتوانن لە یارییە گرنگ و بەهێزەکان پێشوازیی لە زۆرترین هاندەر بکەن.
یانەی نۆتینگهام دەیەوێت لە هەردوولای بەشی ترێند ئێندی یاریگاکەیان چەند کۆنتێنەرێک دابنێت بۆ ئەوەی بتوانن ژمارەی کورسییەکانی یاریگاکە زیاد بکەن، کە پێشتر ئیڤانگیلۆس ماریناکیس خاوەنی یانەکە لە ساڵی 2019 پلانی هەبوو یاریگاکەیان فراوان بکات بۆ ئەوەی بتوانن لە چەند یارییەکی یانەکە زیاتر لە پەنجا هەزار بلیت بفرۆشن، بەڵام پڕۆژەکە دواکەوت و تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە پڕۆژەی فراونکردنی یاریگاکەیان جێبەجێ بکەن.
یاریگای سیتی گراوند وەرزی رابردوو لە یاریی بەرامبەر ئارسێناڵ ریکۆردی زۆرترین رێژەی ئامادەبوونی هاندەرانی تۆمارکرد، 29,514 هاندەر لە یاریگا ئامادەبوون، کە لەو یارییە نۆتینگهام بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە گەنەرزی بردەوە.
یاریگای 974 یەکێک بوو لە یاریگاکانی مۆندیالی 2022 کە قەتەر ئەم یاریگایەی بە تایبەت بۆ میوانداریکردنی مۆندیال دروستکردبوو، یاریگایەکە یەکەم یاریگا بوو لە مێژووی تۆپی پێ بتوانرێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە و یاریگاکە بە بەکارهێنانی 974 کۆنتێنەر دروستکرابوو، کە لە مۆندیالی رابردوو ئەم یاریگایە میوانداریی حەوت یاریی کرد و لە زۆربەی یارییەکان زیاتر لە 40 هەزار هاندەر ئامادەبوون.
دوای تەواوبوونی مۆندیال، قەتەر یاریگاکەی هەڵوەشاندەوە و کورسی و کەرەستەکانی یاریگاکە پێشکەشی چەند وڵاتێک دەکات بۆ ئەوەی لە ژێرخانی وەرزشی سوودی لێ وەربگرن.