
یاریگا –
ئەمڕۆ ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پێی نایە تەمەنی 39 ساڵی.
لە 16ـی ئابی 2003 سێر ئەلێکس فێرگسن، لە گەڕی یەکەمی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ، لە گێمی دووەمی یارییەکەیان کوڕە لاوێکی تەمەن 18 ساڵانی لاوازی هێنایە یاریگا.
لە کۆی 67 هەزار و 647 هاندەری ناو یاریگای ئۆڵترافۆرد کەم کەس رۆناڵدۆی دەناسی، بەڵام پاش شەش ساڵ وەک یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی هەسارەکە مانچێستەری بەرو ریال مەدرید جێهێشت بە گرێبەستێکی گرانبەهای 80 ملیۆن پاوەندی.
تۆڕی وەرزشی یاریگا ئاوڕێک لە یەکەم یاری رۆناڵدۆ و کاریگەرییەکانی لەسەر تیپەکەی فێرگسۆن دەداتەوە.
مانچێستەر یونایتد، لە هاوینی 2003 گەشتێکی ئامادەکاری بۆ ئەمریکا کرد، بەڵام دوا وێستگەی گەشتەکە لە وڵاتی پۆرتوگال بوو، لەوێ لە یارییەکی دۆستانە رووبەڕووی سپۆرتینگ لێسبۆنی پۆرتوگالی بوونەوە، یارییەکەش بە ئەنجامی 3 گۆڵ بەرامبەر بە 1 گۆڵ لە بەرژەوەندی یانە پۆرتوگالییەکە کۆتایی هات، کە رۆناڵدۆ لەوکاتەدا یاری بۆ سپۆرتینگ دەکرد.
فێرگسۆن ئەوەندە سەرسامبوو بە یاریزانەکە، سەرسامییەکانی خۆی نەدەشاردەوە و لە ناو تیمەکدا باسی دەکرد، هەر لەناو فڕۆکەکە و پێش گەڕانەوەیان بۆ ئینگڵتەڕا یاریزانانی تیپەکە راهێنەرەکەیان هاندەدا گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ واژۆ بکات، بەهۆی بەدەستهێنانی کریستیانۆ، گەشتەکەی فێرگسۆن بەرەو پۆرتوگال بێبەرهەم نەبوو.
شەیتانە سوورەکان چەند مانگێک بوو لەگەڵ سپۆرتینگ لە گفتوگۆدابوون بەڵام دواتر یونایتد ناچاربوو بە خێرایی بە مەرجەکانی سپۆرتینگ رازی ببێت چوونکە چەند یانەیەکی دیکەی گەورەیش رۆناڵدۆیان دەویست، لەئەنجامدا مانچێستەر یونایتد بە بەهای 12 ملیۆن و 250 هەزار پاوەند لە 12ـی ئابی 2003 کریستیانۆ رۆناڵدۆی گواستەوە، پاش تەنیا 4 رۆژ یاریزانەکە لە یاری دەستپێکی پرێمەرلیگ بەرامبەر بۆڵتن یاریکرد.
تیپەکە
یونایتد وەک پاڵەوانی دەستی بە وەرزی 2003-2004 کرد، بەڵام بە هاوینێکی سەختدا تێپەڕی بەهۆی ئەوەی دەیڤد بێکهام و خوان سێباستیان ڤێرۆن ریزەکانی یانەکەیان جێهیشت، ئەستێرە مەزنەکەی بەڕازیل و یاریزانی دڵخوازی فێرگسۆن، رۆناڵدینیۆیی یاریزانی ئەوکاتی پاریس سانجێرمان، لە بری مانچێستەر یونایتد بڕیاریدا پەیوەندی بە بارسێلۆنا بکات.
بەڵام هێشتا ئەستێرەی مەزنی وەک رۆی کین، ریۆ فێردیناند، پۆڵ سکۆڵز و رود ڤان نیستیڵرۆی لە تیپەکەدابوون، ئەو پێکهاتەیەی فێرگسۆن بۆ رووبەڕووبوونەوەی بۆڵتن هەڵیبژارد بەمشێوەیە بوو:
تیم هاوارد، فیل نێڤڵ، کوینتن فۆڕچن، ریۆ فێردیناند، میکایل سیلڤسترێ، ئۆلی گۆنار سۆلشایەر، رۆی کین، نیکی بەت، رایان گیگز، پۆڵ سکۆڵز و رود ڤان نیستیڵرۆی.
ئەو یاریزانەی بەشێوەی یەدەگ بەشدارییان کرد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولەکی 61 هاتە جێگای نیکی بەت، دیێگۆ فۆڕلان لە خولەکی 71 هاتە جێگای سۆلشایەر و ئێریک دێم با با لە خولەکی 80 هاتە جێگای رایان گیگز. رۆی کارۆڵ و جۆن ئۆشێ کە دوو ئەستێرەی دیاربوون بەشداریان پێنەکرا.
یارییەکە
هەرزوو تیشکی خۆر لە ئۆڵدترافۆرد هەڵات، لە خولەکی 35 رایان گیگز گۆڵی یەکەمی شەیتانە سوورەکانی کرد، کێڤن نۆلان دەرفەتێکی زێڕینی لەدەستدا بۆ یەکسانکردنەوە ئەنجامەکە، ئەمە وایکرد فێرگسۆن بەکەوێتە خۆی و خوێندەوەی تەواو بۆ یارییەکە بکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە ژمارە 7ـە کۆنەکەی دەیڤد بێکهامی پۆشی بوو، زوڵفێکی زێڕین و قەد و باڵایەکی لاوازی هەبوو، لە خولەکی 61 فەرمانی پێکرا بەشداری یارییەکە بکات لە جێگەی نیکی بەت.
دوو سێ تۆپی سەرەتا کە بەر پێڵاوە رەنگ زێڕینەکەی کەوت دەمارگیرییەکی زۆری بە یاریزانانی بۆڵتن بەخشی، تا دوا فیکەی ناوبژیوان بووبووە کابوسێکی گەورە بۆ نیکی هانتی بەرگریکاری باڵی راستی بۆڵتن، کریستیانۆ لێدانێکی سزای درووستکرد بەڵام نیستیڵرۆی گۆڵی نەکرد، هەلێکی دیکەی زێڕینی بۆ نیستیڵرۆی رەخساند و بەشداریکرد لە گۆڵی دووەمی گیگزدا.
ئەو کوڕە لاوە ئەوەندە متمانەی بەخۆی هەبوو کار گەیشتە ئەوەی داوای لە فیل نێڤڵ کرد رێگەی بۆ چۆڵبکات تا خۆی لێدانێکی راستەوخۆ ئاراستەی گۆڵ بکات، کریستیانۆ کەمتر لە 30 خولەک یاریکرد، بەڵام لەو ماوەیەدا ململانێی بۆڵتن و مانچێستەر لە مەترسی یەکسانبوون گۆڕا بوو سەرکەوتنی مانچێستەر بە ئەنجامی 4-0، لە خولەکەکانی 73، 77، 86 گیگز و سکۆڵز و ڤانیستلرۆی سێ گۆڵەکەی دیکەیان کرد.
کاردانەوەکان
سەرەڕای ئەوەی گیگز دوو گۆڵی کرد و سکۆڵز خەیاڵی بوو، بەڵام باس باسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو، فێرگسۆن بەوە ناسراو بوو کە فشار لەسەر یاریزانە لاوەکان درووست ناکات، بەڵام هەر لە یەکەم قسەی گوتی “ئێستا هاندەرانمان پاڵەوانێکی نوێیان هەیە“.
پاش یارییەکە فێرگسن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی ” رۆناڵدۆ لە یەکەم یاریدا سەرسوڕهێنەر بوو، ریتمی گێمی یەکەمی یارییەکە خاو بوو، دەمزانی کریستیانۆ گۆڕانکاری گەورە لە هێڵی ناوەڕاست درووست دەکات، دەبێت وریابین لەگەڵ ئەم کوڕەدا، بیرتانبێت تەمەنی تەنیا 18 ساڵە، دەبێت بە زیرەکانە بەکاری بهێنین.
سام ئالاردایس، راهێنەری ئەوکاتی یانەی بۆڵتۆن دانی بەوەدانا، کە هیوای خواستبوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداری یارییەکە نەکات، ئەمەش پاش ئەوەی ماریۆ جاردێلی هێرشبەری یانەکە و هاوڕێی پێشووی رۆناڵدۆ لە سپۆرتینگ، باسی دۆنی بۆ سام و هاوڕێکانی کردبوو.
ئالاردایس لەوبارەیەوە گوتبووی “دوای ئەوەی ماریۆ باسی رۆناڵدۆی بۆ کردین هیواداربووم لەسەر کورسی یەدەگیش نەیبینم، دەستپێکی رایان گیگزم بیردەهێنێەوە، دەتوانێت هەردوو پێی بەکار بهێنێت، بە ئاسانی یاریزانان دەبڕێت و کاتێک تۆپەکە وەردەگرێت هەناسە لە هەمووان دەبڕێت.
تەنانەت یەکێک لە مەزنترین ژمارە 7ـەکانی مانچێستەر بە رۆناڵدۆ سەرسامبوو
پاش یارییەکە ئەفسانەی مانچێستەر یونایتد جۆرج بێست گوتی “بێگومان ئەوە ورووژێنەرترین نمایشی دەستپێکی یاریزانێک بوو کە تا ئێستا بینیبێتم. زۆر یاریزان هەبووە شێوازی یاریکردنیان لەمەن چووە، بەڵام ئەم کوڕە لە هەموویان بەهرەمەندترە، بە تایبەت کە دەتوانێت بە هەردوو پێ یاری بکات، بە ئاسانی یاریزان ببڕێت و لە هەردوو باڵەکەی یاریگایش یاری بکات. بە شێوەیەکی جوانیش تۆپێکی مەترسیدار بەرزبکاتەوە بۆ ناوچەی سزا، کۆتا جار کەی بوو یاریزانێکی وامان بینیووە؟.
پاش ئەوە چی روویدا؟
پاش ئاستە بەرزەکەی بەرامبەر بۆڵتن، رۆناڵدۆ راستەوخۆ بۆ یەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی پۆرتوگال کرا، بە خێرایی لەگەڵ شایتانە سوورەکان خۆی گونجاند و دڵی سەرجەم هاندەرانی یانەکەی بەدەستهێنا.
لە 27ـی ئاب لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد رووبەڕووی پۆرتسمۆس بوونەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو یارییەدا یەکەم گۆڵی خۆی بۆ مانچێستەر یونایتد کرد.
لە ماوەی شەش ساڵدا لە ئۆڵدترافۆرد هەموو شتێکی بەدەستهێنا، سێ نازناوی پرێمەرلیگ، دوو جامی کاراباو کەپ، جامی یەکێتی ئینگلتەرا، جامی جیهانی یانەکان و چامپیۆنزلیگ.
لە ساڵی 2008 زۆر سەرنجڕاکێش بوو لە 49 یاری 42 گۆڵی بۆ مانچێستەر کرد، لە ناویاندا گۆڵێکی نایاب و مێژوویی بوو لە یاری کۆیایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر چێڵسی، دواتریش بۆ یەکەمجار خەڵاتی باڵۆندۆر و فیفای وەک باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا.
دواتریش لە هاوینی 2009 پەیوەندی بە ریال مەدریدی ئیسپانی کرد، بوو بە گۆڵکاری مێژوویی یانە ئیسپانییەکە، لە 438 یاری 450 گۆڵی بۆ مێرێنگی کرد، توانی 131 گۆڵیش درووست بکات.
لە هاوینی 2018 بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یوڤێنتوسی ئیتاڵییەوە کرد، بوو بە گرانبەهاترین یاریزانی مێژووی ئیتاڵیا و گرانبەهاترین یاریزانی تەمەن سەروو 30 ساڵیش لە مێژووی تۆپی پێدا، بە درێسی یوڤێ 134 یاری کرد، 101 گۆڵی کرد و 22 گۆڵیشی درووستکرد.
لە هاوینی 2021 بە بڕی 17 ملیۆن یۆرۆ لە یوڤێوە گەڕایەوە مانچێستەر یونایتد، گەڕانەوەیەک کە جیهانی تۆپی پێی هەژاند و هاندەران و تەواوی مانچێستەر باوەشیان بۆ کوڕە پۆرتوگالییەکە کردەوە.
هەرچەندە وەرزی یەکەمی بە سەرنڕاکێشی بەڕێکرد و توانی لە 38 یاری 24 گۆڵ بۆ تیپەکەی بکات. بەڵام لە نیوەی وەرزی دووەم بە کاتێک سەختدا تێدەپەڕی، لەگەڵ ئێریک تێن هاخی راهێنەری نوێی یانەکە تووشی گرفت بوو خرایە سەر کورسی یەدەگ، تا کار گەیشتە ئەوەی رۆناڵدۆ مانچێستەری بەرەو سعودیە جێهێشت.
لە مانگی یەکی ساڵی 2023 رۆناڵدۆ پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودی کرد بە مووچەی ساڵانەی 222 ملیۆن یۆرۆ، کە بوو بە یەکەم وەرزشوان لە مێژوودا لە ساڵێک ئەو بڕە پارەیە وەک مووچە وەربگرێت.
بە درێسی نەسڕ لە 25 یاری 20 گۆڵی کردووە و 2 گۆڵیشی درووستکردووە، هەفتەی رابردوو توانی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نازناوی جامی شا سەلمان بۆ یانەکە بەدەستبهێنێت، بە کردنی 5 گۆڵیش بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە.
دەستکەوتەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
5 خەڵاتی باڵۆندۆر
3 خەڵاتی زە بێست
4 خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا
14 ساڵ باشترین یاریزانی ساڵ لە (پۆرتوگال، ئینگڵتەڕا و ئیتاڵیا)
20 پێڵاوی زێڕین وەک گۆڵکار
1 خەڵاتی پوشکاش
1 نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا
5 نازناوی چامپیۆنزلیگ
3 نازناوی پرێمەرلیگ
4 نازناوی جامی جیهانی یانەکان
2 نازناوی لالیگا
2 نازناوی سێریا ئەی
3 نازناوی سوپەری ئەوروپا
1 نازناوی نەیشنزلیگ
2 نازناوی جامی شای ئیسپانیا
1 نازناوی جامی یەکێتی ئینگڵتەڕا
2 نازناوی کاراباو
1 نازناوی جامی ئیتاڵیا
2 نازناوی سوپەری ئیسپانیا
2 نازناوی سوپەری ئیتاڵیا
2 نازناوی جامی قەڵغانی ئینگڵتەڕا
1 نازناوی سوپەری پۆرتوگال
1 نازناوی جامی شا سەلمان
سەرجەم گۆڵەکانی رۆناڵدۆ لە چامپیۆنزلیگ
801 گۆڵی کریستیانۆ رۆناڵدۆ