بارسێلۆنا بە نرخێکی هەرزان جولیان ئەلڤارێزی نەویستووە
دواتر بە نرخێکی زۆر فێران تۆرێسی گواستووەتەوە

یاریگا –
بەهۆی فێران تۆرێس، بارسێلۆنا ئامادە نەبووە بە نرخێکی هەرزان گرێبەست لەگەڵ جولیان ئەلفارێز، واژۆ بکات.
پێگەی سپۆرت کیدا بڵاویکردووەتەوە، جۆزێپ ماریا مینگوێلا، بریکاری کاروباری یاریزانان ئاشکرای دەکات جولیان ئەلڤارێزی بە بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە بارسێلۆنا کردووە، بەڵام یانەکە ئەو یاریزانەی نەویستووە.
جۆزێپ لەو بارەیەوە دەڵێت:
بە بڕی تەنیا 20 ملیۆن یۆرۆ جولیان ئەلڤارێزم پێشکەش بە بارسێلۆنا کرد، پێشنیارم کرد پارەکە بە 5 ساڵ بدەن، بەڵام یاریزانەکەیان نەویست، دواتریش بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستیان لەگەڵ فێران تۆرێس واژۆ کرد
بارسیلۆنا لە وەرزی 2021-2022 دەرفەتی ئەوەی لەپێش بوو گرێبەست لەگەڵ ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە واژۆ بکات، کە ئەوکات یاری بۆ ریڤەرپلێتی ئەرجەنتینی دەکرد.
بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە ئەو یاریزانەی نەویستووە، بۆیە ناوبراو لە مانگی یەکی 2022 بە بڕی 21.40 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی ئینگلیزی کرد.

هەر لە هەمان مانگ فێران تۆرێس بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ لە مانچێستەر سیتییەوە گواسترایەوە بۆ بارسێلۆنا، کە جولیان لە یانە ئینگلیزییەکە بووە شوێنگرەوەی تۆرێسی ئیسپانی.
سەرەڕای هەبوونی ئێرلینگ هالاند لە ریزەکانی بلوو مووندا، ئەلڤارێز بە کەمترین خولەکی یاریکردن توانیوییەتی دڵی گواردیۆلا رازی بکات، لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیشی مۆندیالی قەتەری بەرزکردەوە و ئاستێکی سەرسوڕهێنەریشی پێشکەشکرد.
بە پێچەوانەوە، ئەستێرە ئیسپانییە تەمەن 23 ساڵانییەکە تا ئێستا ئاستێکی دڵخۆشکەری بە درێسی بارسا پێشکەش نەکردووە، بەردەوامیش لەلایەن هاندەرانی یانەکە رەخنەی ئاراستە دەکرێت.

ئەلڤارێز بە درێسی مانچێستەر سیتی 49 یاری کردووە، بە شێوەیەکی گشتی لە کۆی 2.524′ خولەک یاریکردن 17 گۆڵی کردووە و 5 گۆڵیشی درووست کردووە.
فێران تۆرێسیش بە درێسی بارسێلۆنا لە 71 یاری، بە کۆی گشتی لە 3.943′ خولەک یاریکردن 14 گۆڵی بۆ بارسا کردووە و 9 گۆڵیشی درووست کردووە.
